ئازادی به‌بێ یه‌کسانی به‌هره‌کێشییه، یه‌کسانیش به‌بێ ئازادی کۆیله‌تی
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٩
Posted by
هه‌ژێن on
11/04/2014
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٩
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئە‌و سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن
بەشی نۆهەم
ئێوه له كۆڕوكۆمه‌ڵه‌كاندا ونن و ئاماده نین، ئیتر ده‌كرێت بزانین مه‌یدانی خه‌باتی ئیوه كوێیه؟ یا ئه‌وه‌تا بۆ ئێوە پشتی ده‌زگا‌یه‌كی چاپ و نووسین بووه‌ته هه‌موو مه‌یدانێكی عه‌مه‌لی؟
ئازیزم، بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، دەكرێت بزانم ئە‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵانەی كە تۆ مەبەستن و ئەنارکییەکان بەشدارییان تێداناکەن، كامانەن و لە كوێی خەباتی كۆمەڵایەتییدا وەستاون؟
ئەگەر مەبەستت لە سەندیكاكانی سەربەدەسەڵاتە یا ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارتە چەپەكانە، كە ھەر ڕۆژەی لە شوێنێك وەك کارگی بەھاران قوتدەبنەوە و پاش ماوەیەك بۆگەندەكەن و دەپووكێنەوە، ئەوا بە بۆچوونی من ئەوانە نەك كۆڕ و كۆمەڵی كرێكاریی و جەماوەریی نین، بەڵكو ھەوڵێكن بۆ دەستەمۆكردنی دەستبەكاربوونی خۆبەخۆیی جەماوەر و كرێكاران و نەبوونیان زۆر لە بوونیان باشترە، چونكە باش پووكانەوە و نەزۆكی ھەر یەكەیان، دونیایەك نائومیدی لای جەماوەر بە خەبات و توانای خۆی، بەجێدەهێڵێت !
لەو بارەوە دەیان نموونەی بیست ساڵی ڕابوردوو لەبەردەستدان، لەوانە “یەكێتی بێكاران لە كوردستان”، كە ھەزاران كەس خۆی وەك ئەندام تێیدا ناونووسكردبوو و “ڕێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان”، كە ھەموو شتێك بوو، تەنیا سەربەخۆ نەبوو، “كۆمەڵەی ئاوارەكانی كوردستان”، ڕێكخراوەكانی بەناو كرێكاران و كارمەندانی خەستەخانەكان و شورای پەنابەران و لە سەرووی ئەوانەوە فێدراسیۆنی سەرتاسەری ڕێكخراوە كرێكارییەكانی كوردستان، كە ھەموویان لەتەك پووكانەوەی پارتەكانی حیكمەتیزم، بوونە مەرەکەبی سەر كاخەز.
ئە‌و ھەوڵە پارتییانە نەك تەنیا مایەپووچ و دەستەمۆكەری كرێكاران و زەحمەتكێشانی ناڕازی بوون، لەوەش خراپتر نائومێدگەری دەیان و سەدان ئەندام بوو، كە لەو ڕێكخراوە پاشكۆییانەدا كۆبووبوونەوە و ھەنووكە باوەڕیان نە بەخۆیان و نە بەتوانای چینایەتییان نەماوە و قەدەری خۆیان داوەتە دەست بزووتنەوەی ڕامیاریی وەك لیستی نیئۆجەلالییەكان (لیستی گۆڕان).
بە بۆچوونی من، ئەگەر لە کوردستان ئەناركییەك بوونی هەبێت و لە خەباتی كۆمەڵایەتییدا بۆ باشتركردنی باری ژیان یا گۆڕینی كۆمەڵگە و سیستەمەكانی بەڕێوەبردنیدا بەشدارینەكات، ئەوا ئەناركیبوونی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونكە تاكە مەیدانێك كە ئەناركییەكان بە مەیدانی خەباتی خۆیانی بزانن، لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەباتی شۆڕشگێڕانە، تەنیا خەباتی كۆمەڵایەتییە و هەموو گۆڕانێكیش لە گۆڕانی كۆمەڵایەتییەوە دەستپێدەكات. ئیدی ئە‌و خەباتە كۆمەڵایەتییە بۆ پاڕاستنی ژینگە بێت یا باشتركردنی باری گوزەران، یا بۆ فراوانكردن و سەپاندنی ئازادییە تاكەکەسیی و گشتییەكان بێت. بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، ئەناركییەكان ھەموو ھەوڵێك بۆ ڕامیارییكردنی بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان و ئاراستەكردنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بەرەو ڕامیارییکردن و بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی ڕەتدەكەنەوە، چونكە شۆڕش یا كۆمەڵایەتییە یا نییە و ئەوەی بە پاشگریی ڕامیارییەوە هەیە، دژە-شۆڕشە. هەر بەو پێوەرە ھەموو ڕێكخراوە و كۆڕ و كۆمەڵێكی پاشكۆ بۆ پارتەكان و دەسەڵات دژە-شۆڕشە. چونكە كاری ئە‌و ڕێکخراوانە بەڕامیارییكردنی خەبات و پرسە كۆمەڵایەتییەكانە. لەبەرئەوەی پارتەكان تەنیا لە ڕامیارییكردنی خەبات و پرسەكاندا بەختی دەركەوتنیان وەك دەستەبژێر و نوێنەرانی سەرووخەڵكی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەناركییەكان تەنیا لە خەباتی كۆمەڵایەتییدا بەختی كردەییەكردنەوە (پراكتیزەكردن)ی بیرۆکەكانیان دەبێت و ھزری ئەناركی گەشەدەكات و بڵاودەبێتەوە. ھەر بۆیە لە جیاتی گەمەی پارلەمان و شەڕەدەندووکی نێوەندی و سەركردایەتی پارتەكان، سەرشەقامەكان و مانگرتن و کارگە و کۆڕ و کۆمەڵەکانی گەڕەك و خوێندنگە و ھەڵدەبژێرن، تاوێك تەماشای كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گەواھی ئە‌و ڕاستییەت بۆ دەدات، کە لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکییدا ئەنارکییەکان لە کوێی کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە وەستاون.
پێت وانییه ئه‌گه‌ر دەسەڵات له‌ده‌ست ژنان بێت، كوشتوبڕ كه‌متر ده‌بێت و دادپه‌روه‌ری زیاتر؟ باشتر نییه هاوڕێیانی ئه‌ناركۆ فیمینیست كه تۆ لایه‌نگری ده‌كه‌ی خۆیان كاندیدبكه‌ن یا ڕێكخراوه دروستبكه‌ن و له شوێنێكه‌وه ببنه هێز و بچنه ده‌سه‌ڵاته‌وه؟
ئەوەی كە پێتوابێت دەسەڵات لە دەستی ژنان یا كرێكاراندا [وەك بەشێكی چەوساوەی كۆمەڵگە]دا بێت، ئیدی دادپەروەری مسۆگەر دەكرێت، جۆرێكە لە ژیان لە ئەفسانەدا و فێڵكردنە لە خودی ژنان و كرێكاران. چونكە دەسەڵاتخوزان لە هیچ سەردەمێكدا نەهاتوون بەناوی خۆیانەوە داخوازی بەدەستهێنانی دەسەڵات بكەن، هەمیشە لەژێر ناوێكی دیكەی وەك نەتەوە، كرێكاران یا ژنان هاتوون و كنەیان كردووەتە نێو ڕیزی خەباتكاران و بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان.
بە گوێرەی ئەزموونەکان و بە بۆچوونی منیس، ئەوە بیرۆكەی ژنانێكە، كە خۆیان بە دەستەبژێری نێو ژنان دەزانن و پێیانوایە، كە زۆرینەی ژنان توانانی بیركردنەوە و خۆڕزگاركردنی خۆیان نییە و پێویستیان بە شوانەیی ئەوان هەیە. هەروەها ئە‌و بۆچوونە بە پاگەندەیەكی ژاراوی پاساودەدەن، گوایە « لە كۆمەڵگەدا پیاو دەسەڵاتدارە» و مادام وایە، باشترە كۆمەڵێك ژن ئە‌و دەسەڵاتە بگرنەدەست. ئەمە لەسەر كێش و سەروای هەمان بالۆرەی ناسیونالیستەكانە، كە دەڵێن «ئەگەر دەوڵەتی خۆییمان هەبێت و خۆمان فەرمانڕەابین، هەموو ئەندامانی نەتەوە ئازاددەبن، یا بالۆرەی ماركسیست-لێنینیستەكان، كە دەڵێن «ئەگەر دەسەڵات لەدەستی ئێمەدا بێت و حكومەتی كرێكاریمان هەبێت، هەموو كرێكاران و كۆمەڵگەش ئازاد دەبن» .
بۆ تێگەیشتن لە پووچی ئە‌و پاگەندەیە، ئەوەندە بەسە لەو بارەوە وەك نموونە، سەرنجی ڕووداوەكانی سەدەی ڕابوردوو و سەرەتای ئەم سەدەیە بدەین، تاوەكو ببینین، كە چۆن كرێكاران لە سایەی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ماركسیست-لێنینیستەكاندا خراپتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی دەسەڵاتی پارلەمانی بۆرجواكاندا دەچەوسانەوە و چۆن كوردان لە هەرێمی كوردستانی ئەم ڕۆژگارەدا وەك جارانی سەردەمی بەعس لە ڕووی ئابووریی و ڕامیاریی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت كولتوورییەوە دەچەوسێنەوە و وەك چۆن لە سەردەمی بەعسدا تاكەكانی هەرێم «شمال العزیز» لە ڕووی مافی بەكاربردنی زمانەوە لەچاو ناوچەكانی خواروو پلە دوو بوون، ئەم ڕۆژە لە سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد«ناسیونالیستەكان واتەنی دەسەڵاتی خۆیی»دا ناوچەكان و زمانەكان و زاراوەكانی دیکەی کوردی بە پلەدوو دادەنرێن، هەروەها لە سایەی سەروەریی شاژن ئەلیزابێت و سەرۆکشالیاران تاچەر و چیلەر و مێرکڵ’دا ژنان خراپتر چەوسانەوە و دەچەوسێنەوە.
وەها پاگەندەیەك دەیەوێت، ئاوا نیشانبدات، کە ژنان لە هیچ بوارێکی کارگێڕیی و فەرمانداریی و ڕامیاریی سەرمایەداریدا ڕۆڵیان نییە و هەموو شتێك بەدەست پیاوانەوە و ژنان لە دەرەوەی سیستەمەکەن و هەر کەس بەڕەگەز نێرینە بوو، ئیدی سەروەرە ! ئینگلیزواتەنی ئەمە “تەرسەقولە” ! چونکە ژنان لە هەمان سیستەمی خێزانی‌دا باڵێکن لە پەروردەی سەرکوتگەرانە، هەر ئاوا لە دایەنگە و فێرگەکاندا تا دەگاتە زانکۆکان، ژنانی پەروەردەکار و ماموەستا و وانەبێژ وەك هاوکارە پیاوەکانیان ئازاری منداڵان دەدەن و بە وانەکانی سەروەریی و پیرۆزکردنی مێژوویی کۆمەڵگەی چینایەتی و ڕەوایەتیدان بە سیستەمەکە و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی منداڵان و لاوان دەبەنگدەکەن، ژنان لە فەرمانگەکاندا وەك هاوکارە پیاوەکانیان سووکایەتی و کارکردە دژە مرۆییەکانی سیستەمەکە بەسەر خەڵکیدا دەشكێننەوە، ژنانی کرێکار وەك پیاوانی کرێکار، سەرمایە بۆ سەرمایەداران کەڵەکەدەکەن، لەتەك هاوکارەکانیاندا کێبڕكێدەکەن و پاشقول لەیەکدی دەگرن، ژنانی بەرێوەبەر، پۆلیس و سەرباز وەك هاوکارەکانیان پارێزگاریی لە سیستەمەکە دەکەن، ژنانی سەرمایەدار و ڕامیار و دەسەڵاتدار وەك پیاوانی هاوکاریان هەوڵی فریودانی خەڵك و چەوسانەوەیان دەدەن، ژنانی پارلەمانتار وەك هاوکارە نێرینەکانیان، دەنگ بە یاسا دژە مرۆییەکان دەدەن، لەوانە یاسای چەند-ژنە بۆ پیاوانی دەوڵەتمەند !
دەکرێت پشکی ژنان لەو هەموو تاوانانەدا بەپێی کەمی هەژ ماری ژنان لەو بوارانەدا کەمتر بێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە، کە ژنان لەو سیستەمدا دەستییان نییە و تاوانبارنین یا دژی سیستەمەکەن! ئەگەر بەهیچ شێوەیەك لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ڕاگرتنی سیستەمە چینایەتییەکەدا بەشدارنەبوونایە و ژنان وەك سروشت و تایبەتیمەندیی خۆیان لە مرۆڤبوونی پیاوان جیابوونانە و خودبەخود دژی ئە‌و هەمووە تاوانانە بوونایە، یا بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی کە ئە‌و پاگەندەیە دەکەن، دژی هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی و دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەك و هەموو سیستەمێکی چەوسێنەر و هەموو ئامراز و ئایدیۆلۆجیاکانی چەوسانەوەی مرۆڤ بوونایە، ئەوسا دەمانتوانی بڵێین، ئەگەری دروستبوون و دروستدەرچوونی وەها پاگەندەیەکی نالۆجیکی هەیە. بەڵام بەداخەوە کەتواری کۆمەڵگە و ڕووداوەکان و سروشت و پێکهاتەی ستەمگەریی لە کۆمەڵگەدا پێچەوانەوەی ئە‌و پاگەندەیە دەسەلمێنن. من لێرەدا تەنیا یەك نموونە دەهێنمەوە: ئەوەندەی ژنان بەخۆیان لە خەتەنەی کچاندا، لە دوورینەوەی کۆئەندامی زاوزێی بێوەرژناندا، لە کێبرکێ و شووکردن بەسەر یەکدیدا ڕۆڵیان هەیە، پیاوان ناتوانن ئە‌و کارایی و ڕۆڵەیان هەبێت !
پاشان، ئە‌و ڕێکخراوانەی کە تا ئێستا پاگەندەی ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی ژنانیان کردووە، بەکردەوە پێچەوانەی ئەوەیان سەلماندووە؛ بەوەی کە خۆیان خەریکی قوتکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ژنانی ناڕازین لە پێکهاتە قووچکەییە ستەمکارەکاندا، واتە سەپاندنەوەی ڕێکخستن و پێکهاتەیەکی دیکەی قووچکەیی فەرماندەر و فەرماندەر، پێشرەو و پاشڕەو، کە لە پێکهاتە قووچکەییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەکانیشدا هەمان بوون هەیە؛ خێزان، فێرگە، مزگەوت، کارگە، فەرمانگە و کارگێڕیی و پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت. بەواتایەکی دیکە پەسەندنانەوەی هەمان پێکهاتەی زۆردارانە و پڕ ستەمکاریی، بەڵام ئەم جارە بەناوی خودی ژنان و ڕزگاری و یەکسانییەوە.
لەبەرئەوە بە بۆچوونی من [لێرەدا مەرجنییە ئەمە بۆچوونی هەموو ئەنارکییەك بێت]، ئەگەر بڕیاربێت گروپ و ڕێکخراوێك بەناوی ژنانەوە هەبێت، ئەوا دەبێت ڕێکخستنێکی ئاسۆیی هەبێت و ئامانجی خۆکۆمەکییکردنی ژنان بێت. بەڵام ئەوەی کە ستەم لە ژنان و پلەچەندیی و ژێردەستەیی ڕەگەزیی لەنێوببرێت، لەبەرئەوەی کە ستەمەکە پێگەی کو‌لتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی هەیە و پرسێکی کۆمەڵایەتییە، کەواتە ژنان تەنیا لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نا نێوەندیی و نا قووچکەییەکاندا دەتوانن هەنگاو بۆ وەلانانی بنێن و هەروەها بەبێ ڕاکێشانی ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەکەی دیکە، کە لە هەموو بوارێکی ژیان و کاروباری کۆمەڵگەدا پێکەوە کاردەکەن و دەژین و ئەوینداریی دەکەن، ئەستەمە ئە‌و باڵدارەی ئازادی بتوانێت بەتەنیا یەك بەاڵ بفڕێت. بە واتایەکی دیکە لەبەرئەوەی کە پرسی ژنان، پرسێکی کۆمەڵایەتییە و بنەمای ئابووریی و کو‌لتووریی و ڕامیاریی هەیە و بە پێکهاتەی سیستەم و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەوە پەیوەستە، هەم ڕزگاری ژنان بە ڕزگاری کۆمەڵگە و خودی پیاوانیشەوە پەیوەستە و هەم ئەرکی سەر شانی پیاوانی ئازادیخواز و ڕزگاریخواز و سۆشیالیستخوازە، کە پەیگرانە هاوپشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان بکەن. چونکە ئەستەمە چین و توێژە بندەستەکان بەبێ ڕزگاریی ژنان وەك بەشێك لەوان، ڕزگاریان ببێت، لەبەرئەوە ئەگەر پیاوانێك هەن و خوازیاریی ڕزگاربوونیان لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کولتوورییەکان، ئەوا هەم وەك ئەرکی مرۆیانەیان و هەم بە ناچاری پێویستە لەپێناو ڕزگاریی ژنان لە پلەچەندی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی، شان بە شانی ژنانی ئازادیخواز تێ‌بکۆشن، وەك گوتم تەنیا لەبەر ڕزگاربوونی ژنان نا، بەڵکو لەبەر ڕزگاربوونی خودی پیاوانیش!
شتێكی دیکە کە نابێت لەبیری بکەین، ئەوەیە، ئەگەر جاران پێش پێکهاتنی دەوڵەتی سەرتاپاگیری هاوچەرخ [نەتەوەیی]، ستەم لە ژنان زیاتر بارێکی کو‌لتووریی بەخۆوەگرتبێت و ئایین ڕێکخەر و دیاریکەری ڕۆڵ و پێگەی پلەدووی ژنان لە کۆمەڵگەدا بووبێت، ئەوا لەم ڕۆژگارەدا پارلەمان و فەرمانداریی و و یاسا و دەوڵەت و دەزگە ڕامیارییەکان دیاریگەری ئە‌و ڕێوشوێنەن، بە نموونە بڕیاری چەند-ژنە لەلایەن پارلەمانی هەرێمەوە، گەشتی ژنان بە هامڕایی نێرینەیەکی خێزانەکەی و ..تد. بەم جۆرە ئەمە سەلمێنەری ئە‌و ڕاستییەیە، کە ستەم لە ژنان لەم ڕۆژگارەدا ڕیشە و بنەمای ڕامیاریی و ئابووریی و سیستماتیکی هەیە و ئەوی دژی هەڵاواردن بەگشتی [ڕەگەزیی، زمانی، نەژادی، ئایینی، هەڵاوردن لەسەر بنەمای ڕەنگ و شوێنی لەدایکبوون] و لەم پەیوەندەدا بە دیاریکراویی هەڵاواردنی ڕەگەزیی [ژنان و پیاوان] بێت، خۆبەخۆ ناچاردەبێت، کە دژی هەموو پێکهاتە و دەزگە قووچکەییەکان، پلە و پایە سەر و خوارەکان، نایەکسانی ئابووریی و نایەکسانی دەسەڵات و نایەکسانی ئەرك و ماف و دژی سیستەمی ڕامیاریی بە پارلەمانی و ناپارلەمانییەوە، تێبکۆشێت و هەوڵی کۆمەڵایەتییکردنەوەی چارەسەری پرسەکان و ناتەباییەکان بدات، ئەگەر نا، ئەوا خۆبەخۆ سەری لە دروستکردن و قوتکردنەوەی دەیان ڕێکخراوی قووچکەیی دەستەبژێرانە و ڕامیاریی بەناوی ژنان و منداڵان و ژینگە و ئاژەڵ و چین و توێژەکانەوە دەردەچێت و دواجار هەرچەندە ئامانجیشی خزمەتکاریی سەروەریی چینایەتی نەبێت، هەر ئاو بە ئاشی سەروەریی دەوڵەتدا دەکاتەوە .
جیاوازی ئه‌ناركۆ-فێمینیزم و فێمینیزمه‌كانی دیكە چییه؟
ئه‌گه‌ر به چەند ده‌سته‌واژه كورتی بكه‌مه‌وه، ئه‌وا بە خوێندنەوەی من بۆ ئەنارکۆفێمینیزم وەك تێڕوانینی ئەنارکیستی لەمەڕ نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردن بەرامبەر ژنان، ئه‌ناركۆ-فێمینیسته‌كان ئامانجیان زیندووكردنه‌وه‌ی گیانی خۆڕزگاری و خۆكارابوونە له‌نێو بزاڤی ژناندا دژ به كۆیله‌تی پلە-چه‌ندیی ژنان له پاش كۆیله‌تی پیاوانه‌وه. به‌واتایه‌كی دیكە ئه‌ناركۆ-فێمینیسته‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراستە فێمینیستییه‌كانی دیكە، كار بۆ ده‌سته‌مۆكردنی ژنانی ئازادیخواز له‌ژێر ڕابەرایه‌تی خۆیان ناكه‌ن؛ هەم ڕابەرایەتی خۆیان بەسەر ئەوانی دیکەدا ڕەتدەکەنەوە و هەم ڕابەرایەتی ئەوانی دیکە بەسەر خۆیاندا ڕەتدەکەنەوە، بە واتایەکی دیکە ڕابه‌رایه‌تی و ڕێكخستنی قوچكه‌یی (هیرارشی) به پارێزه‌ری كۆیله‌مانه‌وه‌ی ژنان و چه‌وساوان به‌گشتی ده‌زانن.
ئه‌ناركۆ- فێمینیسته‌كان پێیانوایه و به‌بۆچوونی منیش بۆئه‌وه‌ی ژنان ئازادی بستێنن و خۆیان له داوه‌كانی بابسالاری و سیسته‌می هه‌ڵاوارێزی مرۆڤه‌كان به‌گشتی ڕاپسێنن، سه‌ره‌تا پێویسته له‌نێو ڕیزه‌كانی خۆیاندا ئه‌و پێكهاته و پله‌به‌ندییه باوانه ڕەتبکەنەوە و له‌نێوبه‌رن. ڕزگاری ژنان له پله-چه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی ته‌نیا به ڕیفۆرمی چه‌ند خاڵێك له یاسای سه‌روه‌راندا نایێته دی، به‌ڵكو پێویستی به لێدان و لەنێوبردنی پایه ئابووریی و ڕامیاریی و کو‌لتووریی و یاساییه‌كانی هه‌ڵاواردن و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە پارێزەرەکانی ئە‌و بنەمایانە هەیە، کە هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی دەگرێتەوە.
بەڕێزم، لەو باوەڕەدا نیم، له‌سه‌ر ئه‌وه ناكۆك بین، كه ئازادی نادرێت، بەڵكو ده‌سێنرێت. ده‌ی كه‌واته كه‌سێك خۆی ویستی (ئیراده‌ی) ئازادبوونی تێدا نه‌بێت، كه‌س ناتوانێت ببێته ڕزگارگه‌ری له ڕێوشوێنی ناله‌باری کۆمەڵایەتیی. ئه‌مه‌ش پێویستی به هوشیاری خۆكارابوون و خۆڕادەربڕین هه‌یه و ئه‌و ڕێكخراو و كۆمەڵانه‌ی كه هاوشێوە‌ی خودی دەوڵەت و پارت و خێزان، ڕێكخراون و پێكهاتوون، ناتوانن چوارچێوه‌یه‌كی گونجاو بن بۆ خۆڕزگاری و خۆكارابوون. چونکە له‌وێشدا كۆمەڵێك فه‌رمانده‌ر و پله-یه‌كن و كۆمه‌ڵێكیش فه‌رمانبه‌ر و پله-دوو. هه‌ر به‌و جۆره ژنانی پله-یه‌ك ( ڕابەران و سكرتێران و لیپرسراوان و سه‌ركردان ) و ژنانی پله-دوو ( گوێڕایه‌ڵان و فه‌رمانبه‌ران و ژێركردان ) له‌و ڕێكخراوانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. به‌م جۆره ڕێسه‌كه‌مان ده‌بێه‌وه خوری و ژنانێك كه لە تاو ستەم و بێدەرەتانی هاتوونه‌ته‌ده‌ر و ده‌یانه‌وێت ڕزگاریانبێت، ئه‌م جاره له‌لایه‌ن هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆیانه‌وه، به تۆرێكی وردتر و زیره‌كانه‌تر له‌وه‌ی باوك و مزگەوت و پارت و ده‌وڵه‌ت و یاساكانیان، ژنانی ناڕازی ڕاوده‌كرێته‌وه و له چوارچێوه‌ی یاسای سه‌روه‌ر و ژێروه‌ر، فه‌رمانده و فه‌رمانبه‌ر، پێشڕه‌و و پاشڕه‌ودا كۆتوبه‌ند ده‌كرێنه‌وه. ئیدی بەو جۆرە ڕزگاربوونیان له‌و جاڵجاڵۆكه ئایدیۆلۆجییه‌ی هه‌ڵاواردن و پله- پله‌كردن ئەسته‌متر ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه دڵخواستانه‌ی خۆیان و له ناهوشیارییه‌وه خۆیان ئه‌و بریاره‌یان داوه و هه‌ر كاتێكیش سه‌رپێچی و هه‌ڵگه‌رانه‌وه له كۆیله‌تی نێو ئه‌و ڕێكخراوانه ببێته خه‌یاڵی سه‌ری ژنێكی ئازاده، ئه‌وا تۆمه‌ته مۆڕاڵییه‌كان و یاسا و سزا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و ڕامیارییه‌كان ئاماده‌ن و ده‌رگه‌ی زیندانه‌كان بۆ تاوانباركردنیان به تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو، ئاوه‌ڵا دەکرێت.
به‌بۆچوونی من، ڕزگاری؛ هه‌نگاوی یه‌كه‌م له ناخی خۆمانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، له‌وێوه كه دیوار و كۆت و زنجیره کو‌لتووریی ده‌ستكرده‌كانی خێزان، مزگەوت و كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت و هاوشێوە‌كانیان له ئاوەزماندا بڕوخێنین و بپسێنین و له كۆڵیانبكه‌ینه‌وه، تاوەکو بتوانین لە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتییدا لەتەك هاوچین و هاوتوێژ و هاودەردەکانمدا یەکبگرینەوە. ئه‌مه بۆ هه‌ر مرۆڤێكی چه‌وساوه و بنده‌ست، كه خوازیاری ئازادبوونه، دروسته. پاشان “نا”گوتن به هه‌ر فه‌رمان و یاسایه‌ك، كه دەسەڵاتی [ئۆتوریته‌ی] كه‌سانی دیكە به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پینێت و ملكه‌چی زاڵبوون و پاوانگەریی [دۆمینه‌یتگەریی] ئه‌وانی دیكەی هاوجۆر یا ناجۆرمان ده‌كات، خۆبڕیاردانی گەرەکە. ئێمه‌ی چه‌وساوه یا ژنان ناتوانین خواست و خه‌ونه‌كانیان به كه‌سانی دیكە بسپێرین و بیانكه‌ینه ده‌مڕاستی خۆمان، چونکە له نێوان فەرماندانی نێرینه‌كانی خێزان و فەرماندانی دەسەڵاتدارانی كۆمه‌ڵگه و یاساكانی ده‌وڵه‌ت و په‌یڕه‌وپرۆگرامی پارته‌كاندا جیاوازی نییه و ئەوەی کێ دیاریبکات، کە چی بكه‌ین و چی نه‌كه‌ین، یا ئەوەی كه‌سانێك دیكه به‌ناوی ئێمه‌وه ببنه سكرتێر و ڕابەری ڕێكخراوه و كۆمه‌ڵه‌كانمان و فه‌رمانمان پێبده‌ن چۆن خه‌بات بكه‌ین و لە کوێ خەبات بكه‌ین و چۆن هه‌ڵوێست وه‌ربگرین، هیچ جیاوازی نییە و نابینرێت !
ئه‌گه‌ر ژنانی ئازادیخواز خوازیاری هه‌ڵوه‌شانندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنن له‌نێوان خۆیان وه‌ك ڕەگه‌زی مێینه و باوك و براكانیان و نێرینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ن، ئه‌وا هه‌نگاوی یه‌كه‌م پێویستە له‌نێو خودی بزاڤه‌كه‌دا دژی هه‌ر هه‌ڵاواردن و پله‌وێرییه‌ك بن کە پێکهاتەی قووچکەیی ڕێکخستن دەیسەپێنێت. بزاڤێك یا ڕێكخراوێك كه هه‌ڵگری تۆوی پله-یه‌كی و پله-دووی خودی ژنان به‌نێوی ڕابەران و ڕێبه‌ریكراوانەوە بێت، ناتوانێت هه‌ڵگری په‌یامی یه‌كسانی و دژبوون به هه‌ڵاواردن بێت و سه‌ره‌نجام به‌جۆرێكی دیكە ژنان ده‌سته‌مۆی پێكهاته قوچكه‌ییه پڕ هه‌ڵاوێرییه‌كان ده‌كاته‌وه. لەبەرئەوە ژنانی ئازادیخواز (ئه‌ناركۆ-فێمنیست) خۆبه‌خۆ دژی پله‌به‌ندی نێو بزاڤه‌كه و ڕێكخراوه‌كان دەبن و شوانه‌یی هیچ ژن و پیاوێك به ڕه‌وا و دروست نازانن و به‌وپه‌ڕی توانایانه‌وه وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكەی بابسالاری و سیسته‌می نایه‌كسانی مرۆڤه‌كان، دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و له‌نێوبردنیان به ئه‌ركی ده‌ستبه‌جێی خۆیان ده‌زانن.
ژنانی ئازادیخواز پێویستییان به فۆرومی كۆمه‌ڵایه‌یی له‌سه‌ر ئاستی گه‌ڕه‌ك و شوێنی كار، نیتوۆركی ژنان، كه پشت به ڕێكخستن و په‌یوه‌ندی زنجیره‌یی و لابه‌لایی ئاسۆیی (نه‌ك سه‌ره‌وخواری) هه‌یه. بۆ نموونه: ژنانی كۆڵانێك، گوندێك، گه‌ڕه‌كێك ده‌توانن فۆرومێكی كراوه‌یان هه‌بێت و لەسەر پرسەکانیان وتووێژبکەن، بۆ نموونە ئاوكێشان كه كارێكی تاقه‌پڕوكێنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه، به‌سه‌ر پیاوانیشدا بسه‌پێنن و به‌و جۆره پیاوان ڕاسته‌وخۆ له‌ته‌ك گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر ڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ووده‌بن و ناچار شان به‌شانی ژنان ده‌چنه جه‌نگی ئاودزانی كۆمه‌ڵگه‌وه، ده‌چنه پای خه‌بات بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هه‌مووان. ئه‌م نموونه‌یه بۆ زۆر بوار و گۆشەی خه‌باتی ڕۆژانه كردەییه و ده‌كرێت سوودی لێ وه‌ربگیردرێت. ئه‌مه شێوازی خه‌باتی ژنانی (کرلا)ی هیندوستانه دژی كارخانه‌كانی کۆکاكۆلا و خواردنه‌وه گازییه‌كانی دیكە، كه بوونه‌ته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاوی خوارده‌نه‌وه له ناوچەکانیاندا.
وەك ئامارەکان نیشانیدەدەن، ژنان له‌سه‌ر كار نیوه یا كه‌متر له مووچه‌ی پیاوان وه‌رده‌گرن و ته‌نانه‌ت له ئەمەریکا و وڵاته ئه‌وروپییه‌كانی وه‌ك ئا‌ڵمانیا و بریتانیا’ش هەر وایە، ژنان لە بەرامبەر کارێکی هاوشێوەدا بەڕێژەی ٢٥% مووچە و کرێی کەمتر لە پیاوان وەر دەگرن. ده‌كرێت له‌م باره‌دا كه‌مكاری به‌و ڕێژه‌یه‌ی کەمی مووچه‌كه‌یان بەراورد بە هاوكاره پیاوه‌كانیان، كاری كه‌متر بكه‌ن و كاره كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان بخه‌نه سه‌رشانی هاوكاره پیاوه‌كانیان [-كه بۆ ته‌نیا جارێكیش به‌بیریاندا نه‌هاتووه و بیریان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه؛ بۆچی ژنانی هاوكاریان به‌رامبه‌ر هه‌مانكار، موووچه‌ی كه‌متر وه‌رده‌گرن]- و به‌جۆره ناچارییەك دەتوانن بیانكێشنه پای خه‌بات بۆ مووچه و كرێی یه‌كسان. ژنانێك كه كاری ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌كه‌ن و هاوكاتیش كاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتی منداڵیان له‌ئه‌ستۆیه، هه‌ر به هاریكاری و هاوڕیزی ژنانی گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و ته‌نانه‌ت سه‌ركاریش، ده‌توانن له چوارچێوه‌ی سەکۆکەیاندا [فۆرومه‌كه‌یاندا] بڕیاری سه‌پاندنی به‌شێك له كاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتی منداڵان به‌سەر پیاوه‌كانیاندا بدەن و به‌و جۆره پیاوانیان به‌شدار و ناچار به بیركردنه‌وه بۆ ڕزگاربوون و كۆمه‌ڵایه‌تییكردنه‌وه‌ی كاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتیکردنی منداڵ، بکەن. ئه‌مه‌ش داخوازی دایه‌نگه و باخچه‌ی منداڵان و چێشتخانه‌ی گشتی دێنێته ئاراوه، كه ده‌توانن پایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێ بن، کە تێیدا کاری نێوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ کار و ئەرکی کۆمەڵگەیە.
بەبۆچوونی من، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئایدیای ژنانی ئه‌ناركۆ-فیمینیستدا جیاوازییەکان گەلێك زۆرن. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا پێویستە ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت، هه‌ر ئاوا ڕزگاری ژنان، كرێكاران، جوتیاران و خوێندكاران و … تد ته‌نیا له توانای خودی ژنان، خودی كرێكاران، خودی جوتیاران، خودی خوێنداكارن و … و .. تددایه، هه‌ر ئاواش گۆڕینی به‌ندێكی یاسایی وه‌ك چه‌ند-ژنه یا نه‌هێشتنی نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌ك خه‌ته‌نه و پاشه‌كشێ به ڕێسایه‌كی ئایینی وەک شەلاقدان و زیندەبەچاڵکردنی ژنان، به واژۆكۆكردنه‌وه و نامه‌گۆڕینه‌وه له‌ته‌ك سه‌روه‌ران و چوونه پارله‌مانی سه‌دان ژن، ناتوانێت ئاڵوگۆڕ له ژیانی كه‌تواریماندا بكات و له ڕزگاربوون له دەست ئە‌و یاسا و نه‌ریتانه نزیكمانبكاته‌وه. به‌ڵكو هه‌ر گۆڕنێك، پێویستی به هەڵخڕان و بەرجەستەبوونی بزاڤی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه، پێوستی به ئاماده‌یی تاك هه‌یه، پێویستی به هۆشیاری خۆكاریی و خۆبڕیاردان و خۆهه‌نگاونان و خۆجێبه‌جێكردن و خۆپیاده‌كردن هه‌یه، ئه‌مه‌ش پێویستی به ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه سه‌ربه‌خۆكان هه‌یه وه‌ك فێرگه و په‌روه‌ردگه‌ی ژنانی ئازاده‌ی كۆمەڵگه‌ی نوێ. لێره‌دا ڕێكخراوه‌كان بێجگه له چوارچێوه‌یه‌ك یا چەترێك بۆ كۆوه‌بوون و هوشیاریی و یەکگرتن و زیندووكردنه‌وه‌ی ویستی ئازادیخوازیی و یه‌كسانیخوازیی، فێرگەیەکیش دەبن بۆ و په‌روه‌رده‌ی مرۆڤی کۆمەڵگەی نوێ، هەر لەبەرئەوە گروپە خۆجێیی [فۆرومەکانی گەڕەك و تۆڕە سەرتاسەرییەکان] و جەماوەرییەکانی ژنان پێویستییان به ڕابەر و سه‌ركرده و ژنانی پله‌یه‌ك نییه، پێویستییان به ڕێنوێنی پیاوانی سه‌ركردایه‌تی پارته‌كان و چەپڵەڕیزان و چەنەبازیی هۆله‌كانی په‌رله‌مان نییه، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە خۆهوشیاریی و خۆکارایی و خۆکۆمەکیی و خۆویستەکی ئەندامانیان هەیە.
من، سته‌م و هه‌ڵاواردن به‌رامبه‌ر ژنان ته‌نیا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه نابینم، به‌ڵكو زۆرجار له‌لایه‌ن خودی ژنانه‌وه ئه‌م سته‌م و هه‌ڵاواردنه په‌ره پێده‌درێت. بۆ نموونه كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه خۆیان به‌زۆر به‌شوو دراون و كه‌چی هه‌مان پشتیوانی له هه‌مان سته‌م ده‌كه‌نه‌وه و كچ و نه‌وه‌كانیان ده‌خه‌نه ژێر فشار و ناچاركردن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه خۆیان خه‌ته‌نه كراون و بوونەتە قوربانی ئه‌و تاوانه و كه‌چی به‌ده‌ستی خۆیان كچه‌كانیان ده‌به‌نه به‌رده‌م گوێزانی ژەنگینی ژنانێكی دڕندە و خه‌ته‌نه‌گه‌ر. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه له ژیانی ژن و مێردایه‌تییاندا باجی بڕه ئاڵتون و ماره‌یی و عه‌وداڵبوونی پیاوی ده‌وڵه‌مه‌دنییان داوه، كه‌چی كچه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی بیركردنه‌وه په‌روه‌رده‌ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانخه‌نه‌وه ژێر چه‌كمه‌ی سووكایه‌تی پیاوه داراكان. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی ژنیان به‌سه‌ردا هاتووه و كه‌چی كچه‌كانیان ناچار به دانیشتن لای پیاوانێكی فرەژەندار [حەرەمسەرادار] ده‌كه‌ن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه له ژیانی خۆیاندا هاوه‌ڵێكی خۆشه‌ویستی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌وینداری كوژرابێت، كه‌چی به‌خۆیان وتی وتی له‌سه‌ر كچه دراوسێ و خزمانی خۆیان ده‌كه‌ن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه له‌لایه‌ن خه‌سوویانه‌وه سووكایه‌تی و سته‌میان لێكراوه، كه‌چی به‌خۆیان هه‌مان كار و ڕه‌فتار به‌رامبه‌ر بووكه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه، به‌م جۆره ده‌بین سته‌م له ژنان دیارده‌یه‌كی ئاڵۆزی فرەڕەهەندی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه، نه‌ك تەنیا داهێنراوی یاسایه‌كی نووسراوه یا زۆرداری پیاوانێك. کاتێك ئه‌و بۆچوونه لاوازانه ده‌خوێنمه‌وه، كه سته‌م له ژنان بۆ ئایینی ئیسلام به‌ته‌نیا ده‌گێرنه‌وه. به‌ڕاستی ئه‌و ژن و پیاوانه جێگه‌ی به‌زه‌یین، كه خوێندنه‌وه‌ی ئاوا سه‌رپێی بۆ دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن. سته‌م له ژنان ڕه‌هه‌ندی مێژووی هه‌یه و ئه‌و ڕه‌هه‌نده زۆر له ئیسلام و ئاینه‌كانی دیكەیش كۆنتره. بەم جۆرە نەبینی ئەم دراوە کەتوارییانە، نەبینینی زەمینە کو‌لتووریی و ئابووریی و ڕامیارییەکانی ستەم لەلایەن ڕێکخراوە قووچکەییە ڕامیارییە پاشکۆکانی دسەڵات و پارتەکانەوە، خاڵێکی دیکەی جیاوازی چۆنیەتی تێڕوانین و دەرککردنی ستەم و هەڵاواردنی ژنانە، لەلایەن فێمینیستە دەسەڵاتخوازەکانەوە و لەلایەن فێمینیستە دژە-سەروەرەکانەوە [ئەنارکۆفێمینیستەکان]. ئەنارکۆ فێمینیستەکان بە قوڵی لە هەموو پێکهاتە و دەزگەیەکی کۆمەڵگە و بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا لە دووی ڕەگ و ڕیشە ئابووریی و کو‌لتووریی و ڕامیارییەکانی ستەم و هەڵاواردن، دەگەڕێن و ڕادیکاڵانە هەموو ئامراز و میکانیزم و پێکهاتیەك، کە ئافەرێنەر و پارێزەری ستەم و هەڵاواردن بێت، ڕەتدەکەنەوە و لە خەباتی ڕۆژانەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا هەنگاو بە هەنگاو بۆ سڕینەوەی لە هۆش و لە کردەوە و لە ئاخاوتنی تاکەکان و لە نێوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەبێ وچان تێدەکۆشن.
من ناڵێم باوه‌ڕه‌كانی ئیسلام ده‌ستییان له‌و سته‌م و تاوانانه‌دا نییه، نا و نه‌خێر، هه‌رگیز بەتەمانیم شتێکی ئاوا بڵیم. به‌ڵام گونجان و ته‌بایی و ڕێككه‌وتێك له‌نێوان باوه‌ڕه‌كانی ئیسلام له‌مه‌ڕ ڕۆڵ و ڕێوشوێنی ژن و پێکهاتە و تێڕوانینی خیڵه‌كییانەی كۆمه‌ڵگەی کوردستاندا هه‌یه. ئه‌گینا بە كوتوپڕیی و لە چاوتروکانێکدا تیرۆری ژنان و ئه‌تككردنیان نه‌یده‌توانی به‌و ڕه‌هه‌نده ڕیشه‌یی و ترسناكه‌وه له ده‌هه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی سییه‌مدا ئاماده‌بێت. كه‌سانێك كه بەختی هوشیاربوونەوەی ڕادیكاڵی ئازادیخوازانەیان هه‌بووه یا ڕووداوەکانی ڕۆژگار بەو هوشیارییەی گەیاندوون، ئه‌وه ده‌زانن كه باوه‌ڕه‌كانی ئیسلام پاشبنه‌مایه‌كی خێله‌كییانەی نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بییان هه‌یه و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش بنه‌مایه‌كی خێڵه‌كییانەی هه‌یه و یەكانگیربوونی ئه‌م دووانەیە، کە زه‌مینە‌ی به‌ردبارانکردن و لوتبڕین و سوتاندن لەباردەکەن و پێکدەهێنن. بۆ تێگەییشتن و دەرکردنی ئەم پێگەییشتنە، خوێنه‌ری ئازیز ده‌توانێت سه‌رنجی جیاوازی هه‌ژماری كوشتنی ژنان و باری یاساخی ئه‌وینداریی بدەن؛ له‌و ناوچانه‌ی كه به قۆناخی خیڵەکیبووندا تیپه‌ڕیوون و تاكایه‌تی هێشتا تیایاندا به‌رجه‌سته‌نه‌بووه و ڕێساخێڵه‌كییه‌كان تیایاندا سه‌روه‌رن، لەتەك بەو ناوچانەی کە زوو نیشتەجێبوون و شیرازە و بنەمای خێڵەکیی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی پێکناهێنێت و پێکەوەی نەبەستوون، بەراوردبکه‌ن. مه‌گه‌ر ئیسلام هه‌ر ئه‌و ئیسلامه نییه، كه له هه‌ردوولایاندا ئاماده‌یه، بۆچی له شوێنێك زۆرتر ژن ده‌كوژێت و له شوێنێك یا هیچ یا كه‌متر ده‌كوژێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئایینه‌كانی دیكەی كۆمه‌ڵگه‌مان بده‌ین و گوتراوە‌كانیان بخوێننیه‌وه، ئه‌گه‌ر زۆرتر له ئیسلام ژن به‌كه‌م نه‌گرن، ئه‌وا سووکایەتییکردنیان بە مێینە كه‌متر نییە. لەبەرئەوە ئایینی ئیسلام تەنیا وەك ئامرازێکی گونجاو لەلایەن کۆمەڵگەی خێڵەکیی کوردستان و کولتووری دژە-ژنییەوە کەڵکی لێوەرگیراوە، نەك ئەوەی کە لە خودی کۆمەڵگەکەدا تێڕوانینی هەڵاوێڕانە و ستەمگەرانە و بکوژانە دژی ژنان نەبووبێت و ئایینی ئیسلام لەتەك خۆی هێنابێتی، وەك چەپ و ناسیونالیستەکان پاگەندەی دەکەن.
هەروەها ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بڕیاردانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر یاسای چه‌ند-ژنه بده‌ین، ده‌بینین هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی [بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نەك بەیاننامە و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پارتەکان] كاردانه‌وه‌ی نیشاننه‌دا و نه‌بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن و ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه. ئه‌گه‌ر به پروپاگه‌نده‌ی بێبنه‌مای ژنانی سه‌ره‌وه‌ی ڕێكخراوه بابسالار و پارتسالاره‌كانی به‌ناو ژنان و چەپەکان بووایه، ده‌بوو ژنان له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانه‌وه، له هه‌موو شار و گونده‌كانه‌وه به خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕێپێوانی چه‌ند ڕۆژه به‌ره‌و پارله‌مان و ده‌زگه باڵاكانی میری بڕۆن و داگیریانبكه‌ن و داروپه‌ردوویان به یاسا چه‌ندژنه‌كه‌یانه‌وه بسووتێنن، هەر ئاوا کە دەهەیەك لەمەوبەر لە وڵاتێکی ئەفەریکاییدا ژنانی یاخی نێوەندەکانی دەسەڵاتیان داگیرکردن. [ باش له‌بیرم نه‌ماوه له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا له چ وڵاتێكی ئه‌فریكی بوو، کە ژنان ڕابوون و زۆر شوێنی گشتی و دەوڵەتییان داگیركرد و به‌چه‌ك و بە هێزی یەکگرتووی خۆیان داخوازییه‌كانیان سه‌پاندن]. به‌ڵام له كوردستان هیچ یه‌ك له‌مانه ڕوویاننه‌دا و ته‌نانه‌ت وه‌ك بڵێی كه هیچ شتێكی پەیوەست بە ژنانەوە له كۆمه‌ڵگه‌دا ڕووینه‌دابێت. ئه‌مه نیشانه‌ی بێبروایی خودی ژنانه به هێزی خۆیان، ئه‌مه نێشانه‌ی وردوخاشبوونی کەسایەتی و ده‌سته‌مۆبوونی هه‌زاران ساڵه‌ی ژنانه بۆ ڕێسای هێزه کولتوورییه‌كان و یاسا ڕامیارییەکان. ئه‌مه نیشانه‌ی ئاماده‌نه‌بوونی خۆهوشیاری و ویستی ئازادڕه‌وانه‌ی ژنانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه، ئه‌مه به‌رهه‌می پشتبه‌ستنی ژنانه به ڕێكخراوه به‌ناو ژنییه‌كان و پارته ڕامیارییه‌كان و بزاڤه ڕیفۆرمیسته‌كان. ئه‌مه نیشانه‌ی ڕامبوون و ده‌سته‌مۆبوونی ژنانی ڕزگاریخواز و یه‌كسانیخوازه بۆ ژنانی دەستەبژێر و پێكهاته سه‌روو ژنییه‌كان.
بەبۆچوونی من، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كه له ئێمه، چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه بووه‌ستێت و بنووسێت و لێكیبداته‌وه و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكات، هێشتا به ئه‌نجامی كۆتایی و هه‌مه‌لایه‌نه ناگه‌ین. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه پارته ڕامیارییه‌كان بۆ خۆقه‌به‌كردن و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پاگه‌نده‌ی سكیولاریستبوونی کوردستانەکەیان بكه‌ن و ڕۆژانە ئەم دەستەواژە پڕ سووکایەتی و پووچانە “ئێرە ئەفغانستان نییە، ئێرە ئەفریقا نییە، ئێرە بیابان نییە، ئێرە وڵاتانی عەرەبی نییە” هەزاربارە بکەنەوە و ڕێكخراوه ژنییه‌كان كه بڕیاری سمێڵزله‌كانی نێوه‌ندی پارته‌كانیان به ژنان ده‌گه‌یێین و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان ده‌ڵاڵی بۆ هاوپارتییه‌كانیان ده‌كه‌ن و “٨ی مارس” ڕۆژی ناڕەزایەتی و هاوپشتی جیهانی دژی هەڵاواردنی ژنان کرابێتە بۆنەی ئاهەنگێڕان و مەینۆشی ڕامیاران، ئیدی شایانی سه‌رسووڕمان و گومانکردن نییه، كه بۆچی ژنان ئاوا بێده‌نگن و ته‌نانه‌ت ژنان له كارگه‌یه‌ك، فێرگه‌یه‌ك، گه‌ڕه‌كێك، شارێك، زانكۆیه‌ك، بۆ چەند چركه‌یه‌ك یاسای چه‌ند-ژنه نەبووە مه‌شخه‌ڵه و گرفتیان و بۆ به‌رپێگرتنی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی وەخۆنەنەکەوتن !
گۆڕانی کۆمەڵگە له بارێكی ئاوا، گۆڕانی ڕیشه‌یی ده‌خوازێت، كه ته‌نیا له خواره‌وه‌ڕا توانا و بەختی ڕوودانی هه‌یه، ڕێك به‌پێچەوانە‌ی خه‌ونی فێمینیسته بۆرجوازییه‌كانەوە، كه خه‌ریكی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ن له‌ته‌ك دەسەڵاتداران و كردنه‌وه‌ی نووسینگه و نێوه‌ندی به‌ناو ژنان له‌نێو ده‌سه‌ڵات و به پاره و كۆمه‌كی ئه‌و پیاوانه‌ی، كه خۆیان چه‌ند ژنیان له ماڵه‌وه وەك كۆیله ڕاگرتووه و خۆیان ده‌سته‌كانی تیرۆری ژنیانیان پێكهیناوه و خۆیان یاساكان ده‌رده‌كه‌ن و واژۆیانده‌كه‌ن. ئایا ئه‌مه به‌ڵگه نییه بۆ هاوبه‌شبوونی فیمینیزمی بۆرجوازی، كه به‌شداری له چه‌وسانه‌وه‌ی ژناندا ده‌كات و به یاساكان و دەسەڵات و دیمۆكراتییه‌ته‌كه‌یان خۆشباوه‌ڕییان ده‌كات و له‌نێوه‌ندیاندا ڕێوشوێنی پله‌به‌رزی و دەسەڵاتداری خۆیان به‌سه‌ر ژناندا ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی له‌نێو پارته‌كان و دونیای سه‌رمایه‌گوزاریدا به‌ده‌ستییان نه‌هێناوه، به‌هۆی ده‌سته‌مۆكردنی ژنانه‌وه، پێكه‌وه‌یده‌نێن.
بە کورتی، ئەمانە بەشێکی بەرچاوی جیاوازییەکانن لە تێڕوانیندا، کە بێگومان لە کارکردن و تێکۆشانی ڕۆژانەدا، لە نێوەندەکانی خەباتی کۆمەڵایەتییدا، کە ژنانی ئازادیخواز لە هەموو هەنگاوێکدا خۆیان لە بەرامبەر ژنانی ڕامیار و دەسەڵاتخوازدا دەبیننەوە، جیاوازییە کردەییەکان ئاشکراتر و ڕۆشنتر بەرچاودەکەن، بەدڵنیاییشەوە، کۆمەڵێك جیاوازیی دیکەش دێنە پێشەوە، کە ئێمە هەرگیز لە وەڵامێکی ئەزموونگیرانەی سنوور دیاریکراودا توانای دەرککردیانمان نییە و تەنیا خەباتی ڕۆژگاری داهاتوو دەتوانێت وەڵامیان پێبداتەوە و بەرجەستەیانبکات.
*************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە